بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی ڕۆژی شەممە لە دیداری "خالید قەدوومی" نوێنەری بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) لە تاران ڕاشکاوانە رایگەیاند: هەوڵ و پەلاقاژە بێسوودەکانی ئەمریکا بۆ رزگار کردنی ڕژێمی زایۆنی پیشاندەری پێویستیی بەردەوام بوونی ڕەوتی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی گەڵاڵەگەلێکی وەک سەودای سەدەیە.
ئەمیر عەبدوڵاهیان هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە سەردار "قاسم سولەیمانی" فەرماندەری شەهیدی هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، پاڵەوانی تاهەتایی بەرەی خۆڕاگرییە، ڕاشیگەیاند: ئامانجەکانی سەردار سولەیمانی سەبارەت بە بەردەوام بوونی ڕێگای خۆڕاگری هەتا شکست هێنانی تۆکمە و تەواوی ئیستیکباری جیهانی هەر درێژەی دەبێ.
نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە تارانیش لەو دیدارەدا بە ئاماژە بەوەی کە سەودای سەدە تەنیا لە ئاراستەی داکۆکی لە کۆشکی سپی لە سەرۆک وەزیرانی فاسدی ڕژێمی ساختەی زایۆنی داڕێژراوە، ڕایگەیاند: ئەو گەڵاڵەیە لەگەڵ ئارمانجی گەلی فەلەستین لەمەڕ خاوەنێتی وڵاتێکی سەربەخۆ بە پێتەختیی قودسی پیرۆز و ژیانێکی بەشەرەف و بە پێی مافی مرۆییەکان نایەتەوە.
قەدومی هەروەها بە ئاماژە بە جەنایەتی تیرۆریزمیی دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ شەهید کردنی سەردار ژەنەراڵ سولەیمانی، ئەو کردەوەی بە نموونەی بەرچاو تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا و نیشانەی بێ دەسەڵاتی و ترسی حاکمانی زاڵم و زۆرداری کۆشکی سپی لە بەرەی خۆڕاگریی لە ناوچەکەدایە.
نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە تاران وتیشی: تیرۆ کرانی سەردار سولەیمانی بنپێ کردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نیشانەی کاریگەریی دانانی بەرچاوی خەباتگێڕییەکانی فەرماندەری شەهیدی هێزی قودسی سپای پاسداران لە خەباتی دژ بە داعش و هەروەها بەهێزتر کردنی ئارمانجی فەلەستین تا تیاچوونی ڕژێمی ساختەی ئیسراییلە.
...........
340